زیانه‌كانی خۆراكه‌ چه‌وره‌كان بزانه‌



 
ئەوبەرنامە خۆراكیانەی كە رادەیەكی زۆر لە چەورییەكانی وەكوو گۆشتی سوور و خۆراكی سووركراوەیان لەناو دایە، دەتوانن جگە لە قەڵەوی ببنە هۆی كۆمه‌ڵێك نه‌خۆشی كه‌لێره‌ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین.
"تری گلیسیریدەكان" زۆرترین رادەی چەوری لە خۆراكەكان و هەروەها زۆرترین رادەی چەوری لە جەستەدا پێكدێنن و لە درێژخایەندا دەبنە هۆی تێكەڵاوی لە رادەی چەورییەكانی خوێندا، چونكە چەورییەكان خۆیان دەگەیەننە ناو رەگەكان. هەربۆیەش مەترسی نەخۆشی دەمار و سەكتەی مێشكی لێدەكەوێتەوە.

ـ جەڵتەی مێشك
قەڵەوی هۆكارێكە بۆ جەڵتەی مێشك و هۆكارەكەشی بۆ تەسك بوونه‌وه‌ی دەمارەكانی مێشك دەگەڕێتەوە. ئێستا ئەگەر لەختە خوێنێك لەناو ئەم رەگە باریكە دابێت، بە شێوەی لەناكاو رێگە لە چوونی خوێن بۆ مێشك دەگرێت و دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشك.
ـ ئستئوارتریت (كێشەی ماسوولكەكانی)
بەهۆی قەڵەوی پاڵەپەستۆیەكی زۆر دەكەوێتە سەر ماسوولكەكانی چۆك، ران و ناوقەد و كركراكەكان لەناو دەبات و دەبێتە هۆی ژانی ماسوولكەكان و رەق بوونیان
.
ـ وەستانی هەناسە لەناو خەودا
وەستانی هەناسە لەناو خەودا كێشەی سەرەكی ئەو قەڵەوانەیە كە  پرخەپرخیان زۆرە.
ئەم قەڵەوانە لەكاتی خەوی شەوانە بەهۆی تەسك بوونی بۆڕی سییەكان بۆماوەیەكی كورت تووشی وەستانی هەناسە دەبن و بەبەردەوامی وەخەبەر دێن. لەئەنجامدا خەو دوور دەبێت لە چێژ و رۆژانەش بەهۆی كێشەی هەناسە لە شەودا، تووشی سەرئێشە و سەرەگێژە دەبن و بەردەوام خەونۆچكە دەیانباتەوە.
لێكۆڵینەوەكان نیشانیان داوە كە ئەو كەسانەی لە خەودا تووشی وەستانی هەناسە دەبن، كێشی زیادەیان هەیە و ملیان ئەستوورە و رێگە هەوای باریكیان هەیە
.
ـ شێرپەنجە
زۆربەی شێرپەنجەكان پەیوەندیان لە زیادەكێشەوە هەیە كە لەژناندا دەتوانین ئاماژە بە شێرپەنجەی مەمك، شێرپەنجەی منداڵدان، شێرپەنجەی هێلكەدان و شێرپەنجەی كیسەی سەفرا بكەین و پیاوانیش مەترسی جۆرەها شێرپەنجەیان لێدەكرێت وەكوو شێرپەنجەكانی كۆلون، ركتۆم و پروستات.
ـ نەخۆشی جەرگی چەور
بەهۆی قەڵەوی، چەورییەكی زیاتر لە پێكهاتەی جەرگدا هەیە كە ئەم زیادە چەورییەی ناو جەرگ دەتوانێ ببێتە هۆی نەخۆشییەكانی جەرگ،  تەنانەت ئەگەر تاك هاوكات خواردنەوە كحولییەكانیش نەخواتەوە.

ـ نەخۆشی كیسەی سەفرا 
بەهۆی كۆبوونه‌وه‌ی چەوری زیادە لە جەستەی قەڵەوەكاندا، كۆلسترۆڵیكی زیاتریش لە جەستەدا كۆدەبێتەوە كە ئەم كۆلسترۆڵە زیادەیە دەتوانێ نەخۆشی بۆ كیسەی سەفرا پێكبێنێت و تەنانەت ببێتە هۆی بەردی ناو كیسەی سەفرا. هەروەها كەم كردنەوەی كێشی بەخێراش دەبێتە هۆی نەخۆشی تایبەت بە كیسەی سەفرا.