دەتەوێت منداڵەکەت زوو گەشە بکات ؟
سەرجەم دایکان و باوکان ئامانجیان ئەوەیە منداڵەکەیان زووگەشە بکات بەشێوەیەکی تەندروست وە باشترین سەرچاوە بۆ ئەوەی منداڵەکانمان بەشێوەیەکی تەندروست گەشە بکات بریتییە لە پێدانی شیری دایک بە کۆرپەلە لە بری شیری قوتو لێرەدا پرسیارێک لامان دروست دەبێت بۆچی شیری دایک باشترە لە شیری قوتو ؟
چونکە سەرجەم لێکۆڵینەوە زانستیەکان دەریان خستوە کە شیری دایک باشترە لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی سروشتی لەکاتی دووگیانی دایکەکەدا لەلایەن رژێنی ماماری (Mammary gland ) لە مەمکەکاندا دەست دەکات بە دروستکردنی شیر ، ئەوەی شیری دایک جیادەکاتە لە شیری قوتو تایبەتمەندیەکانێتی کە ئەو مادە و کانزایانەی لە شیری دایکدا هەیە لە شیری قوتودا نیە
تایبەتمەندیەکانی شیری دایک بریتین لە :-
1- بوونی چەوری - پرۆتین - شەکر - کاربۆهایدرایت - کالیسیۆم - فۆسفۆرۆس - سۆدیۆم - پۆتاسیۆم - کلۆراین لەگەڵ بوونی چەند ڤیتەمینێک و کانزایەکی تر بەڕێژەیەکی پێویست مەبەستمان ئەوەیە شیری دایک بەڕێژەی پێویستی کۆرپەلەکە ئەو مادە و کانزایانە دابین دەکات بەڵام دەشێت لەشیری قوتودا بەو شێوەیە نەبێت .

2- بوونی دژەتەن (Antibodies) لە شیری دایک کە دەبێتە سەرچاوەیەکی بەهێز بۆ بەرگری کۆرپەلە لە میکرۆب و نەخۆشی
3- پلەی گەرمی شیری دایک پلەیەکی دروستە بۆ کۆرپەلە بە پێچەوانەوە هیچ بوتڵێکی شیری ناتوانێت پلەی گەرمیەکی دروست دابین بکات .
4- لەبەر ئەوەی شیری دایک بەڕێژەیەکی دروست و پێویست مادە و کانزاکانی دابین کردوە ئەوا بەشێوەیەکی ئاسان کۆرپەلە دەتوانێت هەرسی بکات و بیکەتا ووزە بە پێچەوانەشەوە ڕەنگە ئەو شیری قوتوەی دەیدەیت بە منداڵەکەت نەتوانێت هەرسی بکات و توشی هەوکردنی کۆئەندامی هەرسی بێت .
5- بەهۆی بوونی ڕێژەی پێویست لە کالیسیۆم و فۆسفۆرۆس لە شیری دایکدا منداڵەکە زوو گەشە دەکات چونکە ئەو دوومادە دەورێکی باڵای هەیە لە گەشەکردنی ئێسکەکاندا .
6- بەکارهێنانی شیری دایک لەبری قوتو دەستکەوتێکی باشیشە بۆ خێزان لە ڕووی ئابووریەوە .
بۆیە ئەو دایکانەی حەز دەکەن منداڵەکانیان زوو گەشە بکات ئەوا باشترین ڕێگا پێدانی شیری دایکیانە بە کۆرپەلەکەیان ،
وە پێویستە ئەوەمان لە یاد نەچێت دەبێت دایکی شیردەر هیچ نەخۆشیەکی نەبێت بە تایبەت نەخۆشیە ڤایرۆسیەکان وەک ئایدز (HIV) وە ئەگەر هاتوو دایکەکە هەڵگری نەخۆشیەکی ڤایرۆساوی بوو ئەوا لەم حاڵەتەدا پێویستە شیری قوتو بدرێت بە کۆرپەلە لە پێناو تەندروستیەکی باشتر بۆ کۆرپەلەکە