دوای چاوەڕوانییەکی زۆر و ریزبەستنی ھەوادارانی بەرھەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵ لەبەردەم کۆگای سەرەکی و دابەشکاری بەرھەمەکانی کۆمپانیاکەدا لەشاری تۆکیۆی پایتەختی ژاپۆن، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو بەرھەمی نوێی ئایفۆن بۆ یەکەمین جار ئاشکراکرا. تیمی سەرپەرشتیکاری کۆگاکەی ئەپڵ لەتۆکیۆ لەسەعات ھەشتدا بەکاتی ئەو وڵاتە، سات بەسات، چرکەکانیان حساب دەکرد تا ئەو کاتەی یەکەمین کەس چوە نێو کۆگاکە و بەرھەمە نوێکەی ئایفۆنی وەرگرت. کۆمپانیای ئەپڵ، (ئایفۆنی پێنج ئێس)ی ئاشکرا کرد کەبەتایبەتمەندی (پەنجەمۆر) کاردەکات لەگەڵ (ئایفۆنی پێنج سی) کەجیاوازی نرخەکەیان سەد دۆلار ھەرزانترە. دوای ژاپۆنیش بڕیارە ھەر ئەمڕۆ ئەو دوو مۆبایلەی ئایفۆن لەئەمریکا، ئوسترالیا، چین، کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سەنگاپور، و بریتانیا بفرۆشرێت.