پێناسه:
تاتو لەڕێگەی دەرزییەكی بچووكەوە درووست دەكرێ كە بە ئامێرێكەوە بەستراوە كە مرەكەبی جیاوازی بۆ دابین دەكات و ئەویش دەیكاتە بەشی سەرەوەی پێست و هێمایەكی هەمیشەیی بەجێ دێڵێ.
مەترسییەكانی تاتوو:
1-گوستنەوەی نەخۆشیی: ئەگەر دەرزییەكە بەر خوێنی كەسێك كەوت بێت و نەخۆش بێت، ئەوا بۆ تۆ دەیگوازێتەوە، وەك نەخۆشییەكانی: ئایدز، هەوكردنی ترسناكی جگەر، سیل، تێتانەس....
2-تیكچوونی پێست: وەك درووستبوونی گرێ و لوو.
3-هەوكردنی پێست:هەوكردنی بەكتریایی پێست كە دەكرێ ببێتە هۆی هەوكردنی خوێن و سییەكان و تەنانەت رزاندنی پێست.
4-هەستەوەری: ئەمە لەوانەیە لە یەكەم چركەوە تا چەند ساڵێك، لە هەر ساتێكدا لەو شوێنەی پێستدا ڕووبدات.
لابردنی تاتوو:
لەوانەیە لە تەمەنێكی دواتردا هەست بكەی ئیتر تاتوو بۆ تۆ شایستە نییە، یاخود مۆدێلی تاتووەكە بەسەر بچێ...بەو سیفەتەش كە تاتوو بەجۆرێك دەكرێ هەتا هەتایی بمێنێتەوە، بەهەر ڕێگایەك لای ببەی جۆرە ئاسەوارێك لە شوێنی تاتووەكە هەر بمێنێتەوە...سێ ڕێگای سەرەكی هەیە بۆ لابردنی تاتوو:
یەكەم: لە رێگەی لەیزەرەوە: باوترین رێگەی مۆدێرنە، بەڵام پێویستە چەندین جار شەپۆلەكان ئاراستەی تاتووەكە بكرێن تا تەواو كاڵ دەبێتەوە، واتە تەنیا بە یەك دانیشتن تەواو نابێت.
دووەم:پزیشكی پێست: پزیشكی پسپۆڕی پێست دوای تەزاندنی ناوچەی تاتووەكە، بەشێوەیەكی ووردكارانە دەیڕووشێنێ تا دەگاتە قووڵاییەكەی. ئەم رێگەیە كەمێك ئاسەوار (سكار) بەجێ دێڵێ.
سێیەم: نەشتەرگەری: پزیشكیی جوانكاریی هەڵدەستێ بە لابردنی ئەو پێستەی بۆیەی تاتووەكەی تێدایە و دواتر ناوچەكە بەشێوەیەكی ورد و هونەریی دەدورێتەوە. ئەمەش كەمێك ئاسەوار بەجێ دێڵێ.
بەهیچ جۆرێ خۆبەخۆ دەستكاریی تاتوو خاڵ مەكە بە مەبەستی لابردنی،چونكە تووشی گەلێ گرفتی تەندرووستی و جوانكاریی ئەوتۆ دەبی دواتر چارەسەری ئەوانە گەلێ لە چارەسەری تاتووەكە گرانتر دەبێ بۆ پزیشك.