نیسك شه‌كری خوێن ڕێك ده‌خـــات


شۆربای نیسك سەرەڕای ئەوەی كە خۆراكێكی سووكەو خێرا ئامادە دەكرێت، هەرسكردنیشی ئاسانەو سوودی زۆریشی بۆ تەندروستی هەیە، بۆیە بە سوپەرخۆراك ناسراوە.
دەتوانرێ شۆربای نیسك لەگەڵ زۆر جۆری خۆراكدا تێكەڵ بكرێت و چێژیان خۆشتر بكات. لە رووی بەهای خۆراكییەوە شۆربای نیسكی زەرد، یان شۆربای نیسكی سەوز هیچ جیاوازییەكیان نییە. شۆربای نیسك سەرچاوەیەكی باشە بۆ ریشاڵ كە ئاستی چەوری خوێن (كۆلیستڕۆڵ) دادەبەزێنێت، مرۆڤ لە قۆڵۆن و گرژبوونیش دەپارێزێت. جگە لەمانە، شۆربای نیسك ئاستی شەكری خوێن رێكدەخات.

شۆربای نیسك چەندین كانزای گرنگی تێدایە، لەگەڵ دوو جۆری ڤیتامین Bو رێژەیەكی باشی پرۆتین و هیچ چەوریشی تێدا نییە، ئەگەر چەوری تێنەكرێت. شۆربای نیسك رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە خۆپاراستن لە نەخۆشی دڵ، بەوەی كە شۆربای نیسك كانزای مەگنسیۆم و فۆلێتی تێدایە كە ئەم رۆڵە گرنگەیان هەیە. 
شۆربای نیسك، جگە لە سوودەكانی بۆ كۆئەندامی هەرس و دڵ، وزەش دەدات بەوەی كە كاربۆهیدراتی ئاڵۆزی تێدایەو شەكری خوێن رێكدەخات بۆ نەخۆشی شەكرەش زۆر بەسوودە. خواردنی شۆربای نیسك بڕێكی باش لە كانزای ئاسن بۆ لەش دابین دەكات، بۆیە گونجاوە بۆ چارەسەركردن و خۆپاراستن لە كەمخوێنی. ئەوەش لە بیر مەكەن كە ئافرەتی دووگیان، ئافرەتی شیردەر، منداڵ و نەوجەوان رۆژانە زیاتر لە خەڵكانی دی پێویستییان بە كانزای ئاسن هەیە. ئاسن لە سەرچاوەی رووەكی وەكو نیسك جیاوازی نییە لەو ئاسنەی كە لە خۆراكی ئاژەڵییەوە وەردەگیرێت.