میسی ژمارەیەکی پێوانەیی لە چامپیۆنس لیگ دا تۆمار دەکات

شەوی رابردوو لەمیانی یارییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، یانەی بەرشەلۆنە لە یاریگای نیو کامپ بەرامبەر بەیانەی ئەجاکسی ھۆڵەندی یاری کردو بە ٤ گۆڵی بێ وەڵام یاریەکەی بردەوە.
لەو یارییەدا میسی ٣ گۆڵی تۆمار کردو چوارەم ھاتریکی خۆی لە خولی یانە پاڵەوانەکان نوسیەوە،
کە ئەوەش ژمارەیەکی پیوانەیی ترە میسی لە جیھانی تۆپی پێ و خولە جۆراو جۆرەکان تۆماری دەکات.
پێشتر ھەریەک لە ماریۆ گۆمێز لە یانەی بایرن میونخ و فیپیۆ ئینزاگی لەگەڵ یانەی میلان ٣ جار لە چامپیۆنس لیگ ھاتریکیان تۆمار کردبوو، بەڵام بەو ھاتریکەی دوێنی شەو میسی ژمارەی ھاتریکەکانی لەو خولەدا کردە ٤ و ژمارەیەکی تری بەناوی خۆیەوە نوسیەوە، بەو ٣ گۆڵەی تۆماری کرد میسی ژمارەی گۆڵەکانی لە خولی یانە پاڵەوانەکان گەیاندە ٦٢ گۆڵ و تەنھا ٩ گۆڵی ماوە تا بەژمارەکەی رائۆل گۆانزالیسی ئیسپانی و یانەی ریاڵ مەدرید بگاتەوە کە لەو خولەدا خاوەنی زۆرترین گۆڵەو ٧١ گۆڵی تۆمار کردووە.