مەلا عەلی کەڵەک، دەیەوێت "لە پێناوی خوای گەورە" چارەسەری نەخۆشییەکەی سەرۆک کۆماری عێراق بکات و دەڵێت "ئامادەم بێ بەرانبەر چارەسەری جەلال تاڵەبانی بکەم، بە ئیزنی خودا لە ماوەی 5 مانگ چارەسەر دەبێت".
مەلا عەلی کەڵەک لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی "ئاگاداری بە پەلە بۆ ھەموو خەڵکی کوردستان و عێراق، خۆشەویستان زۆر وەزیرو بەرپرس سەردانی منی بە ندەیان کردووە، بەڵام بە داخەوە رۆبەیان پشتیان بە خوا نەبەستاوە، پشتیان بە ئەمریکاو ئەورپا بەستاوە، بە ملیۆن دۆلار دەدەنە ئەم پزیپشکانەی سوودی نییە، پاشان پێش ئەوەی بمرێت تەلەفۆنم بۆ دەکەن، یان دەیھێننە لام، منیش دەڵێم بە سەرچاوم، بێ بەرانبەر چارەسەری دەکەم، بەڵام دەبا تۆزیک زوو بتانھێنابایە، بەداخەوە روح دەدات پاشان دەیھێنن".
مەلا عەلی دەڵێت "لە پێناوی خوای گەورە ئامادەم بێ بەرانبەر، ئەگەر مابێ، بۆ بەڕێز سەرۆکی عێراق جەلال تاڵەبانی چارەسەری بکەم، بە ئیزنی خوا بۆ ماوەی پێنج مانگ چاک دەبێتەوە، چونکە خزمەتی زۆری میللەتی کوردی کردووە، دەبێ خزمەتی بکەین".
عەلی مەحمود حەسەن، ناسراو بە مەلا عەلی کەڵەک، پەیمانگەی ئیسلامی لە ھەولێر تەواوکردووە، مۆڵەتی لە حکومەت عێراقی وەرگرتووە بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەیەک لە تەنیشت ماڵی خۆیان لە ناحیەی کەڵەک، بەناوی نەخۆشخانەی خێرخوازی پزیشکی پێخەمبەر محەمەد(د.خ)، ئەو بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەکات، کە زۆر نەخۆشی قورسی وەکو شێرپەنجە، جەڵتە، گورچیلە و نەخۆشی دەروونی چارەسەر دەکات.
جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری عێراق لە 17.12.2012 ەوە بە ھۆی جەڵتەی دەماغەوە لە نەخۆشخانەکی ئەڵمانیایە، بەرپرسانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، ناوە ناوە ھەواڵی باشبوونی ئەو بڵاودەکەنەوە.
وهرگیراوه له:ڕووداو