بەردی گورچیلە لەو كریستاڵ و كانزایانە دروست دەبێت كە لە میزی مرۆڤدا هەن، قەبارەكەیان دەشێ هێندەی دەنكە لمێك بێت، لەوانەشە هێندەی تۆپێكی گۆڵفی لێبێت...لەوانەیە لە گورچیلەدا ئۆقرە بگرن، لەوانەشە بێنە خوارەوە و لەكاتی تێپەڕینیاندا لە شوێنە تەسكەكانی كەناڵەكانی میزدا گیر بخۆن و جگە لە ئازار و هەوكردن، زیانی هەتا هەتایی بە گورچیلە بگەیەنن...
*هۆكارهكانی:
لە ئەنجامی تێكچوونی باڵانسی ئاو، كریستاڵ و كانزا و پێكهاتەكانی تری ناو میزدا دروست دەبێ...بڵاوترین هۆی بەردی گورچیلە كەم ئاو خواردنەوەیە، لە شەوو ڕۆژێكدا لانیكەم 8 تا 10 پەرداخ ئاو بخۆرەوە تا میزت ڕوون بێتەوە...هەندێ كەس زیاتر لەوانیتر تووشی بەردی گورچیلە دەبن ئەگەر هەمان ستایلی ژیانیشیان هەبێ ئەویش بە فاكتەری بۆماوە، یاخود هەبوونی نەخۆشیەكی درێژخایەن یاخود قەڵەوی...

*نیشانەكانی:
لەوانەیە هیچ نیشانەیەك درووست نەكەن...لەوانەشە ئازارێكی زۆر توند و كتوپڕ دروست بكەن بەتایبەت كاتێك لە گورچیلەوە دێنە خوارێ بەرەو میزڵدان...ئازارەكە بەزۆری لە كەلەكە و حەوز و بنڕاندایە...جگە لەمانە هەندێ نیشانەی تری هەیە وەك گۆڕانی ڕەنگی میز و ڕشانەوە و لەرز و...
*دەستنیشانكردن:
+تیشكی سینی:بۆبینینی بەرد
+شیكردنەوەی میز: بۆزانینی هەبوونی هەوكردن یان كریستاڵ یان نیشانەكانی برینداربوونی كەناڵەكانی میز
+سۆنار: بۆ بینینی بەردەكان و گۆڕانەكانی تری گورچیلە و بەشەكانی تری كۆئەندامی میز...
+تێكردنی بۆیە بۆناو كەناڵەكانی میز و پاشان گرتنی تیشكی سینی (ئەشیعەی ملەوەن)
+سیتی سكان (ئەشیعەی تەنووری)
*چارەسەر:
خواردنەوەی ئاوێكی زۆر (نزیكەی سێ لیتر لە 24 كاتژمێردا) و چالاكی جەستەیی زۆربەی ئەو بەردانە دەكەنە دەرێ كە قەبارەیان 5 ملیمەتر و كەمترە...ئەگەر بەردێك لەماوەی دوو مانگدا نەهاتە خوارێ، زەحمەتە بێ دەستێوەردانی پزیشك بێتە خوارێ...
ئەو بەردانەی لە 5 ملیمەتر گەورەترن، لەوانەیە پێویستیان بە شكاندن بێت ئەویش بە ئامێرێك كە بێ نەشتەرگەریی شەپۆلێكی تایبەت دەنێرێت و بەردەكە دەكاتە چەند پارچەیەكی ورد...لە هەندێ حاڵەتی تردا ئامێرێك لەڕێگەی بۆری میزەوە دەنێردرێت بۆ میزڵدان و لەوێشەوە بۆ ئەو بۆرییەی گورچیلە دەبەستێت بە میزڵدانەوە و بە شەپۆل دەیشكێنێت و بەردەكە دەردەكات...لە هەندێ حاڵەتی تردا پێویست بە كردنەوەی كەلەكە و نەشتەرگەریی گەورە دەكات...
*خۆپاراستن لە دووبارە درووستبوونەوەی بەرد:
1-زۆر خواردنەوەی ئاوو چالاكی جەستە...ئەوەندە ئاو بخۆرەوە كە ڕەنگی میزەكەت تەواو ڕوون یان زەردێكی كاڵ بێت...ئەگەر ڕەنگی میزت زەردی تۆخ بوو، واتە بڕی پێویست ئاو ناخۆیتەوە...
2-ڕێكخستنی خۆراك: ئەمە پزیشك بۆت دیاری دەكات بەگوێرەی جۆری بەردەكەت...بەڵام ئەم خاڵانە بەگشتی بەسوودن بۆ ئەوانەی ئەگەری تووشبوون بە بەردی گورچیلەیان هەیە:
-ڕیشاڵە خۆراكییەكان لە ژەمەكانتدا زیاد بكە...
-گۆشت كەم بكەرەوە لە ژەمەكانتدا...
-كالیسیۆم لە خۆراكتدا كەم مەكەرەوە: دەركەوتووە شیر و بەرهەمەكانی نەك زیانمەند نین، بەڵكو سودمەندیشن بۆ ڕێگاگرتن لە تووشبوون بە بەردی گورچیلە...
-شەربەتی مێوژ كەم بخۆرەوە...
-ئۆگزالات لە خۆراكتدا كەم بكەرەوە: چوكلێت و ئەو سەوزانەی ڕەنگیان سەوزێكی تاریكە ئۆگزالاتیان زۆرە
-خوێ لە خۆراكتدا كەم مەكەرەوە: خوێدان لەسەر مێزی خواردنەكەت دامەنێ.